ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان خوازیاری ئازادیی زەینەب جەلالیان بوو

16:33 - 15 رەشەمه 2721

نووسینگەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەمەڕ نەخۆشیی زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد و تێپەڕبوونی ١٥ ساڵ بەسەر زیندانیبوونی ئەو ژنە کوردە، داوای ئازادکردنی ناوبراو دەکات.

دەقی ئەو بەیاننامەیە بەم چەشنەیە:

بەیاننامەی نووسینگەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان

ژنە بەندکراو زەینەب جەلالیان کە دەوترێت لە پێوەندی لەگەڵ گرووپە دژبەرەکان، بە بەندکرانی هەتاهەتایی سزا دراوە، نزیکەی ١٥ ساڵە لە ماوەی سزاکەی لە گرتووخانەکانی خۆی، ورمێ، کرماشان، تاران، قەرچەک، یەزد و کرمان بەسەر بردووە و تێپەڕاندووە.

دەوترێت ناوبراو تووشی چەند نەخۆشینی جۆراوجۆر بووە و پتر لە ساڵ و نیوێکە دایکە بە تەمەن و بنەماڵەکەی لە بارودۆخی ناوبراو هەواڵێکیان بەدەست نەهێناوە.

نووسینگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە سەرنجڕاکێشان بۆ سەر دۆخی نەخۆشیی زەینەب جەلالیان، پاش تێپەڕاندنی ١٥ ساڵ لە سزاکەی، داوای ئازادی بۆ ناوبراو دەکات.

بەو هیوایە کاربەدەستانی دەزگای داد و دەزگای ئاسایشی پێوەندیدار، بە داشکانی ماوەی سزاکە و پێداچوونە لە دۆسیەی ئەم بەندکراوە، هەل بۆ ئازادیی ناوبراو بڕەخسێنن.

ڕێکەوتی: ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠  /  ٦ی مارسی ٢٠٢٢

نووسینگەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان