ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان: کۆمەڵگەی جیهانی، گوشار بخاتە سەر دەوڵەتی تورکیە بۆ ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان
سکرتاریای ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک تۆپباران و بۆردومانکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەرتشی تورکیەوە، بە پێشێلکردنی ئاشکرای ماف و ئەمنییەتی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە و پێشێلکردنی یاساکان و مافی جیهانی و نێونەتەوەیی زانیوە.
ئەرتشی تورکیە بە داگیرکردنی بەشێک لە ناوچە کوێستانییەکانی هەرێمی کوردستان، بە بیانووی بوون و هاتوچۆکردنی گرووپە کوردییەکانی دژبەری دەوڵەتی تورکیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچە گوندنشینەکانی کردووەتە ئامانجی تۆپخانە و بۆردومانکردنی هەوایی.
دەسدرێژیی تورکیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەرچەند لەگەڵ بایکۆتی خەبەری و میدیایی و هەروەها لەگەڵ بێدەنگیی کۆمەڵگەی سیاسی، دەوڵەتە ناوچەییەکان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەرەوڕوو بووەتەوە، بەڵام سەرچاوە خۆجییەکان باسی لە گیانلەدەستدان و زیانی زۆری مادی و مەعنووی و ژینگەیی، کە بەهۆی ئەو هێرشانە بووە، دەکەن.
سکرتاریای ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، هێرش بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیە و تۆپباران و بۆردومانکردنی ئەو ناوچەیە بە کارێکی قەبووڵنەکراو بۆ سەر گوندەکان، وەکوو دەسدرێژیی ئاشکرا بە ماف و ئەمنییەتی دانیشتوانی ئەو گوندانە و پێشێلکردنی یاسا و پێوەرەکان و پێشێلکردنی بڕيارەکانی جیهانی و مافی نێونەتەوەیی دەزانێت.
سکرتاریای ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی، ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات، دەوڵەتی تورکیە لەو دەسدرێژییە و تۆپباران و بۆردومانکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، ڕاگرن.