ڕێکخراوی دادپەروەری بۆ ئێران، لە ڕێکخراوە نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵای لەسەری ئێران تۆمار کردووە

14:54 - 20 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، \"دادپەروەی بۆ ئێران\"، لە ڕۆژی جیهانیی هەڵوەشاندنەوەی ئێعدام\" لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سکاڵای لەسەر ئێران تۆمار کرد و خوازیاری چارەنووس یان پیشاندانی شوێنی بەخاکسپاردنی چوار هاووڵاتی بوو، کە حکوومەتی ئێران ٨ ساڵ پێش هەواڵی لەسێدارەدانیانی بڵاو کردەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی دادوەری بۆ ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەر، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی بەربەرەکانێ لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئێعدام\"، بە تۆمارکردنی سکاڵایەک لە لایەن گرووپی کاری \"ناپدیدشدگان قهری سازمان ملل\"، خوازیاری چارەنووس یان پیشاندانی شوێنی گۆڕی چوار زیندانیی سیاسیی کورد بوو، کە حکوومەتی ئێران لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی هەواڵی لەسێدارەدانیانی بڵاو کردەوە.

حکوومەتی ئێران ١٩ی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاوی بە بنەماڵەی چوار زیندانیی سیاسیی کورد (فەرزاد کەمانگر، شیرین عەلەمهوولی، فەرهاد وەکیڵی و عەلی حەیدەریان) ڕاگەیاند، کە ڕۆڵەکانیان لە زیندانی ئەڤین لەسێدارە دراون، بەڵام بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییانە، تەرمی ڕۆڵەکانی خۆیانیان نەدیوە.

ڕێکخراوی دادپەروەری بۆ ئێران لە چوار سکاڵای جیاجیا بە دژی ئێران، داوای لە گرووپ \"ناپدیدشدگان قهری\" کردووە، کە ئێران دەبێت سەبارەت بە ڕەوتی نایاساییی دەرکردنی حوکمی ئێعدام و چارەنووس یان پیشاندانی گۆڕی ئەو چوار زیندانییە کوردە وڵامدەر بێت.

فەرزاد کەمانگەر، چالاکی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای کورد، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩‌ی بانەمەڕی ١٣٨٩، لەگەڵ عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیڵی، شیرین عەلەمهوولی و مێهدی ئیسلامیان لە زیندانی ئێڤین لە سێدارە دران.

دوای تێپەڕبوونی ٨ ساڵ لەو ڕووداوە، هێشتا شوێنی بەخاکسپاردنی و گۆڕی ئەو پێنج چالاکە سیاسییە بە نهێنی لە لای ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ماوەتەوە.

بنەماڵەی ئەو پێنج زیندانییە سیاسییە، بە شێوەی \"سمبۆلیک\"، گۆڕیان بۆ ئەو پێنج چالاکە سیاسییە داناوە.