ڕێکخراوی دادپەروەری بۆ ئێران: بێتاوان خۆنیشاندانی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆری میکۆنۆسدا، بە پشتبەستن بە گێڕانەوەکانی تێرۆریستێک

14:13 - 17 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: بیاڤی هونەری ڕێکخراوی بانگەشەی ئیسلامی حکوومەتی ئێران، کتێبێکی سەبارەت بە تێرۆری میکۆنۆس بە پشتبەستن بە گێڕانەوەکانی کازم دارابی، یەکێک لە مەحکوومکراوانی تێرۆری میکۆنۆس بڵاو کردەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی ڕێبەندان، کتێبی \"نقاشی قهوەخانە\"، سەبارەت بە تێرۆری میکۆنۆس بە پشتبەستن بە گێڕانەوەکانی کازم دارابی، ڕێکخەری عەمەڵیاتی تێرۆری میکۆنۆس ڕوونوێنی کرا و دارابی ئیدعای ئەوەی کردووە، کە ناوبراو و دەوڵەت لەو تێرۆرەدا، دەستیان نەبووە.

کازم دارابی، بە بەشداریی لە پریسکۆنفڕانسێکدا بۆ ناساندنی ئەو کتێبە وتوویەتی: دەزگای قەزایی، ڕۆژنامەکان و بەرپرسانی ئەوکاتی وڵاتی ئاڵمان تەواوی هەوڵی خۆیان دا، کە تێرۆری ڕێستۆرانی میکۆنۆس بخەنە ئەستۆی من. گرینگ ئەوە بووە کە تەنیا یەک ئێرانی لەو کارە بە تاوانبار ناسێندرا و لە ڕاستیدا، ئامانج بەرپرسان و نیزامی ئێران بوو.

ڕێکخراوی دادپەروەری بۆ ئێران دژکردەوەی خۆی سەبارەت بە ئیدعاکەی کازم دارابی نیشان دا و ڕایگەیاندوو: \"ئەو ئیدعایە لە کاتێکدا باس دەکرێ کە لە ماوەی دادگاییەکی چەند ساڵە، دادگای میکۆنۆس بە پشتبەستن بە دوایین \"ڕاوێژەکان\" دەرکەوتووە کە \"تێرۆریستان\" بۆ ئەنجامدانی \"تێرۆر\"، لە ماڵی کازم دارابی تەگبیریان کردووە. ناوبراو بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کراوە. ئەم دادگایە، هەروەها بە ئاشکرا وەزارەتی ئیتلاعاتی بە بەرێوەبەری ئەنجامدانی ئەو عەمەڵیاتە تێرۆریستییە ناوزەد کرد.

هەروەها ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە، بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبەی هەوڵێک بۆ \"بێگوناحبوونی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆری میکۆنۆس\" زانیوە.

تێرۆری میکۆنۆس لە ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ٧١ی هەتاویدا، لە ڕێستۆرانتێکدا هەر بەم ناوە لە شاری برلین ڕووی دا، کە لەو ڕووداوەدا دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری ئەوکاتی حدکا، فەتاح عەبدولی نوێنەری ئەم حیزبە لە ئورووپا، هۆمایوون ئەردەڵان نوێنەری حدکا لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی چالاکی سیاسی تێرۆر کران.

دادگای میکۆنۆس لە ماوەی ٣ ساڵدا، بە گرتنی ٢٤٧کۆبوونەوە و هەروەها شایەتیدانی ١٧٦ کەس لەسەر دۆسییەی تێرۆر لە ڕێستۆرانی میکۆنۆسی ئەنجام دا و حکوومەتی ئێرانی بە \"تێرۆریزمی دەوڵەتی\" مەحکووم کرد.