ڕێکخراوی خەبات لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کشایەوە

14:34 - 24 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، کشانەوەی خۆی لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیاند.

سازمانی خەباتی کوردستان، لەم ڕاگەیەندراوەیەدا ڕایگەیاند، بە هۆی \"پێشێلكردنی بنەمای ڕێککەوتن و ڕەچاونەكردنی چەندین خاڵی دیكە، لە لایەن چەند حیزبی دیکهوە‌ له‌ ناوەندی هاوکاری، بە كردەوە ناوەندی هاوكاریی بە هه‌ڵوه‌شاوه‌ دەزانێ‌ و هەر لەسەر ئەو بنەمایە لە ڕێكەوتی ٢٢سەرماوەزی ١٣٩٧ هەتاوی، ئه‌وان بڕیاریان دا لەو ناوەندە نەمێنن\".

کامیل نوورانی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی ڕێكخراوی خەبات و بەرپرسی شاندی ئەم ڕێکخراوە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا لەم بارەوە ڕایگەیاند: \"لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا پرێسکۆنفڕانسێک لە بارەی هۆکارەکانی هاتنەدەرەوەمان لەم ناوەندەدا بەڕێوە دەبەین\".

\"\"ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان لەم ناوەندەدا هاتوونەتە دەرەوە.

ئەم ئەندامەی دەفتەری سیاسیی ڕێکخراوی خەبات، ڕەتی کردەوە کە حیزبەکەیان لە ژێر گوشاری لایەنێک ئەم بڕیارەی دابێت.

١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە دانیشتنێکی هاوبەشدا ڕێبەرانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بڕیاری دامەزراندنی ناوەندێک بە مەبەستی هاوکاریی کاری هاوبەش دا و لە دانیشتنی دووهەمیاندا لە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری هەمان ساڵدا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانییان دامەزراند و بە فەرمی دەستییان بە چالاکییەکانیان کرد.