٤١ ڕێکخراو داوای درێژکردنەوەی مەئمووریەتی عاسیمە جەهانگیریان کرد

14:03 - 27 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: ٤١ ڕێکخراوی مافی مرۆیی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە شۆرای مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە، مەئمووریەتی عاسیمە جەهانگیر سەبارەت بە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران درێژ بکرێتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، لە سی و چوارەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٤١ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لەو ناوەندە کرد، دەنگ بە درێژ کردنەوەی مەئمووریەتی ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران بدەن.

واژۆ کەرانی ئەو نامەیە، پێداگرییان لە سەر مانەوەی ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران لە پۆستەکەیدا بوون و چالاکییەکانی ناوبراویان لە پەرپێدانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بە شوێندانەر زانیوە.

لە بەیاننامەی ئەو ٤١ی ڕێکخراوەدا هاتووە؛ سەرنجدان بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بووەتە هۆی ئەوەیکە لە نێوخۆی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران باس و خواسی لە سەر بکرێت و هەروەها هێندێک چاکسازی بێتە ئاراوە.

واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە هەروەها دەڵێن: لە کاتی بەڕێوەبردنی بەرجامدا، مافی مرۆڤ لە ئێران لەبەرچاو نەگیراوە و ئامار و داتاکان باس لە چوونە سەری ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران دەکەن.

٤١ ناوەندی مافی مرۆیی لە کۆتاییدا ڕادەگەیەنن، درێژکردنەوەی ماوەی مەئمووریەتی عاسمە جەهانگیر، پەیامێکی بەهێزە بۆ بەرپرسانی باڵای ئێران کە مافی مرۆڤ لەو وڵاتە پێشێل دەکەن.