ڕێژەی بێکاری لە کوردستان ٣ هێندەی نێونجی وڵاتە

20:07 - 17 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: بێ‏بەشی و بەشخوراویی پارێزگای کوردستان بەردەوام لە دووتوێی ئەو ئامارانەی کە بەرپرسانی حکوومەتی دەیخەنە ڕوو، ئاشکرا دەبێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، پارێزگای کوردستان لەنێوان ٣١ پارێزگای ئێراندا، پلەی بیست و پێنجەمی لە بەرهەمی پوخت نەکراوی نەتەوەیی ( تولید ناخالص ملی) هەیە. داهاتی تاکەکەسیی نەتەوەیی ئێرانییەکان بەپێی نیشاندەر(شاخص)ی توانایی کڕین نزیکەی ١٤ هەزار دۆلار دەبێت.

بەرپرسی گشتی \"هاوکاری، کار و خۆشبژیویی\" پارێزگای کوردستان بە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە گوتی، لە ٤٨١ یەکەی بەرهەمهێنەری چالاکی سەرەوەی ١٠ کەسی، ١٢٦ یەکە لە بیاڤی پیشەسازیدا چالاکن.

هەواڵدەریی فارس لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری \"ئەحمەد ڕەشیدی\"ەوە باسی لە ڕێژەی بەشداریی ٤١%ی کوردستانییەکان لە ئابووریدا کردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا، نزیکەی ١٠ هەتا ١٣% دەخەمڵێندرێت، بەڵام ئەو ڕێژەیە لە کوردستاندا ٣ بەرانبەر بووە و ئەو ڕێژەیە بۆ ٣٠% بەرز بووەتەوە.

هەروەها بەشداربوانی دانیشتی شەوی ڕابردووی سنە، ئاماژەیان بە بێکاریی خوێندکارانی پارێزگا کردووە و ڕێژەی ئەوانیان بە دوو لە سەر سێی ئەو کەسانە بەراورد کردووە کە بەشوێن کاردا دەگەڕێن.

لە پارێزگایەکی کوردنشینی دیکە واتە ورمێ، ڕاگەیەندراوە کە ٤٠ هەزار خوێندکاری خاوەن بڕوانامەی کارناسی، کارناسیی باڵا و دوکتۆرا بێکارن.

زۆرێک لە چالاکانی سیاسی و مدەنی لە کوردستان، بێکاریی و نەبوونی وەگەڕخستنی سەرمایە، بە دوو کێشەی سەرەکیی پەرەنەسەندنی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەقەڵەم دەدەن کە لەلای بەرپرسان و دام و دەزگا حکوومەتیەکانەوە کەمترین سەرەنجی پێ دەدرێت.