ڕێپێنەدان به دوو خوێندکاری کورد لە شوێنی حەوانەوەیان لە بـێهشار

20:33 - 11 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو خوێندکاری کورد خەڵکی شاری بۆکان، پاش قەبووڵ بوونیان بۆ زانکۆی بێهشاری پارێزگای مازندەران لە لایەن بەرپرسانی ئەو زانکۆیەوە، شوێنی حەوانەوەیان پێنەدراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، دوو خوێندکاری کورد خەڵکی شاری بۆکان کە لە زانکۆی خومەینی شاری بێهشار لە باکووری ئێران قەبووڵ بوون، لە لایەن بەرپرسانی زانکۆوە بێڕێزیان پێکرا و شوێنی حەوانەوەیان بەو دوو خوێندکارە کوردە نەداوە.

ئەو دوو خوێندکارە کوردە، کە بۆ ناونووس کردنی خۆیان لەو زانکۆیەدا ڕۆیشتبوونە شاری بێهشار، لە لایەن بەرپرسانی زانکۆوە ئیزنی خەوتنیان لە خەوتنگەی ئەو زانکۆیە بەو دوو خوێندکارە کوردە نەداوە.

ئەو دوو خوێندکارە کوردە بە هۆی خراپی باری ماڵی و ئابووریان لە ژێرچاوەدێری کۆمیتەی ئیمدادی خومەینیدان و شەو لە سەر کارتۆن لە پێش خەوتنگەدا خەوتبوون.