ڕێپۆرتێرانی بێ‌سنوور بانگهێشت و مەحکوومکردنی ڕۆژنامەنووسانی کوردی مەحکووم کرد

13:51 - 16 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێپۆرتێرانی بێ‌سنوور، بانگهێشت و مەحکوومکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی کورد، خەڵکی شاری سنەیان مەحکووم کرد.

ڕێپۆرتێرانی بێ‌سنوور (RSF) لە بەیاننامەیەکدا شەپۆلێکی دیکەی سەرکوتی دژی ڕۆژنامەنووسان لە ئێران، بە نیسبەت دەربڕینی بیروباوەڕیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەحکووم کرد و ڕایگەیاند: \"کەمتر لە یەک مانگ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان بانگهێشتی ناوەندی ئیتلاعاتییەکان یان دادگاکان کراون و لانیکەم چوار ڕۆژنامەنووس دەسبەسەر کراون\".

ئەم ناوەندە داکۆکیکارە لە ئازادی لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە مەحکوومکردن و بانگهێشتکردنی ڕۆژنامەنووسانی کوردی کردووە و نووسیوویەتی: \"ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی میدیایی لە پارێزگاکانی دیکە ئێران لە بانگهێشت کردن و دەسبەسەری و مەحکوومکردن بێبەری نەبوونه. ئیجلال قەوامی ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ، بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتیی\" بە بەڵاوکردنەوەی سێ نووسراوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە بارودۆخی چالاکانی مافی مرۆڤ و زیندانی عەقیدەتی لە لایەن لقی دادگای سنە بە هەشت مانگ مەحکووم کراوە. ناوبراو لە ڕێكەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن لقی دادسەرای شاری سنە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە. ناوبراو بە دانانی بارمتەی ٢٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و لە چاوەڕوانی دادگایەکەی و بڕێنەوەی حوکمەکەی، ئازاد کراوە.

لە بەشێکی دیکە ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: \"هەر لەو شارە لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەر، کازام ئیمان زادە، بەڕێوەبەری ماڵپەڕی \"هیوا نیوز \"بانگهێشتی لقی یەکی دادگای کەیفەریی شاری سنە کراوە.

سپای پاسداران لە سکاڵاکەرانی ئەو ڕۆژنامەنووسەیە. کە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵگەلێک لەسەر ئەو ماڵپەرە بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتیی\"، ناوبراو ی له چاوەڕوانیی بەڕێوەچوونی دادگا دایە و کە ئێستاش بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ڕەزا موعینی بەڕێوەبەری نووسینگەی ئێران و ئەفغانستان و لە ڕێپۆتێرانی بێ‌سنوور لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: \"ڕێپۆرتێرانی بێ‌سنوور خوازیاری ئازادیی دەسبەجێی ڕۆژنامەنووسان و کۆتایی هێنان بە دەسبەسەرکردنی خۆسەرانەکانە\".

حکوومەتی ئێران لە ڕیزی جیهانی ئازادی چاپەمەنی ساڵی ٢٠١٨ی ڕێپۆرتێرانی بێ‌سنوور، لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهان له پلەی ١٦٤مین دایە.