ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان بەڕێوەچوو

12:40 - 20 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ناوەندەی فەرهەنگی و فێرکاری بەیان لە شاری بۆکان بە بۆنەی یەکساڵی دامەزراندنی، ڕێورەسمێکیان بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ۱٨ی خەزەڵوەری، ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، یەکەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی خۆی بەڕێوە برد.

لەو ڕێوەڕەسمەدا، کە بە بەشداری سەدان کەس لە شاعێران، نووسەران و خەڵکی شاری بۆکان، لە ساڵۆنی پاساژی شارەداریی ئەم شارە بەڕێوە چوو، ڕێز لە کار و چالاکیی یەکساڵی ڕابردووی فێرگەی بەیان گیرا و بڕوانامەی کۆتایی خولی ڕێنووسی کوردی بە ۲۰۰ خوێندکاری ئەو فێرگەیە پێشکەش کرا.

هەروەها ئەو ڕێوڕەسمە کە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی بەشداربووان ڕووبەڕوو بووە و مامۆستایانی وەک ئەمین گەردیگلانی، خالید عەسکەری، محەممەد حوسەین‌پوور(ڕێزان)، دوکتور شەماڵ ئیسماعیل‌پوور، ئەمیر پیادە، عەلی فرووتەن، مستەفا ئیلخانیزادە، ناسر ناسری، نوسرەت سوارە، وتاریان پێشکەش کرد و ئەرک و چالاکییەکانی فێرگەی بەیانیان بەرز نەخشاند.