ڕێوڕەسمی کۆتایی خولی فێربوونی زمانی کوردی لە سەقز بەڕێوەچوو

15:44 - 16 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: دامەزرێنەری فەرهەنگی و هونەری زیرەک باسی لە کۆتایی هاتنی قۆناغێکی پەروەردەیی زمانی کوردی لە گوندی \"سەرا\" سەر بە شاری سەقز کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێوڕەسمی دەرچوونی فێرخوازانی زمانی کوردی لە شاری سەقز بە بەشداری کۆمەڵێک فێرخوازی زمانی کوردی کۆتایی پێهات.

سووسەن حەسەن‌زادە، یەکێک لەو مامۆستایانە کە ساڵانێکە، ڕۆیشتووتە دەیان گوندی دوور و نزیکی کوردستان و وانەی زمانی کوردی وتووەتەوە، لەو باوەڕەدایە کە هەموو خەڵکی شار و گوندەکان دەبێت لە ئیمکاناتی پەروەردەی شیاو و ئیستاندارد کەڵک وەربگرن.

ئەم نووسەرە کوردە، لە وەرزی گەرما و سەرما، لە کاتی بارینی بەفر و باران و تەرزە، بە بێ هیچ پشتیوانییەک لە لایەن دەوڵەت و میللەتەوە، تەختەڕەشەکەی لە کۆڵ کردووە و شار بە شار و گوند بە گوند لە هاتوچۆدا بووە.

حەسەن‌زادە، وانەبێژێک کە سەدان قوتابخانە و هەزاران قوتابی زمان و وێژەی کوردی لە شار و گوندەکانی کوردستان پێگەیاندووە، جارێکی دیکە و لە گوندێکی دیکەی ئەم سەرزەوینە بە ناوی گوندی \"سەرا\" سەر بە شاری سەقز، ٤٠ فێرخوازی فێری زمانی کوردی کرد کە ڕەنگە هەرکام لەوان لە داهاتوودا ببنە وانەبێژی زمانی کوردی.

خاڵی جێی تێڕامان ئەوەیە کە ئەو وانەبێژەی زمانی کوردی، چوارچێوەیەکی بە ناوی چوارچێوەی جوغرافیایی بۆ چالاکییەکانی نەبووە و هەموو شار و گوندەکان بە ژێدەر و سەرچاوەی هیوا دەزانێ و لەو باوەڕەدایە کە لە خاڵی سەرەکیی ژیان، چوارچێوەی شوێن و کات بێ‌واتایە و تەنیا هەوڵ و تێکۆشانە کە چارەنووس دروست دەکات.

ئەو وانەبێژە لاوە، بە پیشینەی ١٠ ساڵ مامۆستایەتی لە بیاڤی زمان و وێژەی کوردی و سێ ساڵ لە بیاڤی زمانی ئینگلیسی، پێویستی فێربوونی زمانی ئینگلیسی بەم شێوەیە، شرۆڤە دەکات:

لەو کاتەوە کە زمانی ئینگلیسی لە قۆناغێکی زەمەنیدا، زمانی یەکەمی هەموو نەتەوەکانی جیهان بووە، باشترین ڕێگاشە بۆ ناسینی فەرهەنگ و ژیاری نەتەوەکانی دیکەی جیهان و ناساندنی فەرهەنگ و ژیاری نەتەوەی کوردستان بە نەتەوەکانی دیکە دەبێت.

ئەو مامۆستا کوردە، لە درێژەدا هیواخوازە کە ڕۆژێ بگات کە لە کوردستان، شێعر و شاعێری بێ بەها بووبێت و ئیتر هیچ کەسێک لەم سەرزەوینە، بە هۆی بوونی ژیانێکی نورماڵ و شیاو، ئیتر لە بیری نووسین تاسە و تامەزرۆی ئارەزووی لە دەسچوو نەخۆن.

ئەو وانە‌بێژە کوردە هەروەها دەڵێت: مامۆستا حەسەن زیرەک سەرەڕای ئەوەیکە ژیانێکی جیاوازی هەبووە و بە وتەی خۆی، ئەم شێوە ژیانەی خۆی لە ڕووی پێویستی، بە هزر و دڵی هەڵبژاردووە، لەو بوارەدا هیوادارە کە ڕۆژێک بێت کە ئیتر پێویستمان نەبێت کە هێندێک لە خەڵک ناچار بە هەڵبژاردنی ژیانی جیاواز و ئەو جۆرە نورماڵە بن و ژیانی هەمووان ئەوەندە ئاسایی بێت.

لەو ڕێورەسمەدا، منداڵان و مێرمنداڵانی بەشداری دەرچووی خولەکە، جوانییەکی تایبەتیان بە کتێبخانەی سەرا، شوێنی بەڕێوەجوونی ڕێوڕەسمەکە بەخشیبوو.

ڕێوڕەسمەکە بە بەرێوەبەری هاورێ ئیسماعیلی، پاش بە خێرهاتنی بەرێوەبەری کتیبخانە سەرگوڵ ڕەحیمی دەستی پێکرد؛ دواتر ڕەحمان جوان فەرهەنگ‌نووسی زمانی کورد چەند وتەیەکی سەبارەت بە پێویستی بەرێوەچوونی وانەی زمانی کوردی پێشکەش کرد؛ پاشان محەممەد رەسوڵ‌نیا شاعیری شێعری منداڵان بە خوێندوەی چەند کۆپلە شێعرێکی منداڵانە، رەنگ و بۆنێکی دیکەی بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی.

دوکتور لوقمان رەشیدی، دوکتواری بواری زمانی ئینگلیسی و بەڕێوەبەری، سووسەن حەسەن‌زادەی بە مامۆستایەکی ئوستوورەیی و دڵسۆزی خۆی و ئەم سەرزەوینە لە بواری زمانی کوردی ناساند و باسی لە گرینگی زمانی دایکی لە بواری جیهانی کرد.

هەژیر حەسەن‌زادە، نووسەر، وەرگێر و مامۆستای زمان و وێژەی کوردیش، بە خوێندنی شێعرێک بۆ بەشداربووان، ڕازێنەرەوەی ئەم ڕێوڕەسمە بوو.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا، شانۆیەک لە لایەن چەند کەس لە دەرچوانی زمانی کوردی پێشکەش کرا و ڕێوڕەسمەکە بە دانی کارنامە لە لایەن دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەری زیرەک، بە دەرچووانی ئەم خولە، کۆتایی پێهات.