ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە کەش‌وهەوایەکی ئەمنییەتیدا، لە شاری سەقزدا بەڕێوەچوو

15:46 - 12 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای گوشارەکانی هێزە ئیتلاعاتییەکان، ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لە شاری سەقزدا بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی بانەمەڕ، مەئموورانی لیباس شەخسی لە شوێنی بەڕێوەچوونی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لە گۆڕەپانی کرێکارانی بیناسازیی ئەو شارەدا ئامادە بوون و پێشیان لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە گرت.

سەرەڕای گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان، کرێکارانی شاری سەقز لە گۆڕەپانی کرێکارانی بیناسازی بەشدار بوون و ئەو ڕێوڕەسمەیان بەڕێوە برد.

مەئموورانی لیباس شەخسی، گۆڕەپانی کرێکارانی بیناسازیی شاری سەقزیان کۆنتڕۆڵ کردبوو و دەستیان بە وێنەگرتن و فیلمهەڵگرتنەوە کرد و ئەمەش ناڕەزایەتیی کرێکارانی لێکەوتەوە.

لەو ڕێوەڕەسمەدا، \"نەجیبە ساڵحزادە\" لە پەیوەندی لەگەڵ بارودۆخی کرێکاراندا، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و هێزە ئیتلاعاتییەکان، لەو پەیوەندییەدا، هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی ئەو ژنە چالاکە کوردەیان کرد.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەو ڕێوڕەسمە تێک بدەن، کە کرێکارانی ئەو شارە پێشیان بەم هەوڵانە گرت.

لەو پەیوەندییەدا، بە بۆنەی یەکی مانگی مەی، کرێکارانی شاری سنە، لە سەرەتای شەقامی غەفوور هەتا کۆتایی ئەو شەقامە، ڕێپێوانێکیان بەڕێوەبرد.

کرێکاران لەو ڕێپێوانەدا، بە دروشمەکانی: \"نان، خانووبەرە، ئازادی\"، \"کرێکارانی زیندانی دەبێت ئازاد بکرێن\"، \"کرێکارانی خوێندکار، یەکیەتی، یەکیەتی\" و \"ڕێکخراو، مانگرتن مافی ئێمەیە\"، خوازیاری بەدەست هێنانی داخوازییەکانی چین و توێژی کرێکاری بوون.