ڕێورەسمی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە کلاردەشت هەڵوەشاوە

20:41 - 1 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئەماکنی شاری کەلاردەشت ڕێوڕەسمی بەرزنرخاندنی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیی لەو شارە هەڵوەشاندەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، چالاکانی کورد لە شاری کەلاردەشت لە هەوڵی بەرێوەچوونی ڕێورەسمێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیی بوون کە ئیدارەی ئەماکنی کەلاردەشت ئیزنی بەڕێوەچوونی ئەو ڕێورەسمەی هەڵوەشاندەوە.

بەرێوەبەرانی ئەو ڕێورەسمە ڕایانگەیاند: برنامەی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە زمانی دایکی کە بڕیار وابوو لە ڕێکەوتی ١ی ڕەشەممە، بەرێوە بچێت، لە لایەن ئیدارەی ئەماکنی کەلاردەشت بە بیانووی کێشەی ئەمنیەتی شوێنی بەڕێوەچوون، هەڵوەشایەوە.

لە کۆنفرانسی گشتی یونسکۆ لە ساڵی ١٩٩٩ بە مەبەستی خزمەت بە فرەچەشنی زمانی و کلتووری رۆژی ٢١ فێورییە بەرامبەر بە ٢ی ڕەشەممە، وەکوو ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ناوی لێنرا، بە دوای ئەودا کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هۆی گرینگی ئەو پرسە ساڵی ٢٠٠٨ی وەکوو ساڵی زمانەکان ناساند.

یونسکۆهەموو ساڵێک لە وەها ڕۆژێکدا بە بڵاوکردنەوەی پۆستێر و دروشمی ساڵ لە ئازادی فرەزمانی پشتیوانی دەکات.