ڕێزگرتنی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستانی لە کارمەندانی گیانبەختکردووی نەخۆشخانەکان

11:33 - 21 خاکەلێوه 2720

کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوای یەک خولەک چەپڵەلێدان لەسەر سەربانی ماڵەکان بۆ "ڕەشید شێخ ئاغایی" کارمەندی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان و "محەممەد یارئەحمەدی" پەرستاری سەقزی کە بەهۆی کۆروناوە گیانیان لەدەست دا، دەکات.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

خەڵکی بەڕێزی کوردستان!

هەر وەکوو دەزانن ئەوە بۆ دوو مانگ دەچێ، پەتای کۆرۆنا لە وڵاتەکەمان بڵاو بووەتەوە و ژیان و ئاسایشی لە هەمووان تێک داوە.

 لەو قۆناغەی ئێستادا کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵک بۆ خۆپاراستن لە ماڵ دەرناکەون، چینی پەرستار، پزیشک، پاراکلینیکال و کارمەندانی نەخۆشخانەکان، هەروەها کارمەندانی  گۆڕستان و  ئاگرکوژێنەوەکان و کارمەندانی پاکوخاوێنیی شەقام و شوێنە گشتییەکان، خۆنەویستانە بە دەستی بەتاڵ خەریکی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو پەتا ماڵوێرانکەرەن.

 لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەداخەوە، دوو کەس بە ناوەکانی ڕەشید شێخ ئاغایی، کارمەندی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان و "محەممەد یارئەحمەدی"، پەرستار لە نەخۆشخانەی سەقز لەو ڕێگایەدا و بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا کۆچی دواییان کردووە.

کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان بۆ ڕێزلێنان لەو دوو مرۆڤە لەخۆ بردووە و هەروەها بۆ ڕێزلێنان لە هەموو ئەو کەسانەی کە لەخۆبردووانە خەریکی بەرەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو پەتا ماڵوێرانکەرەن، داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکات، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوە کاتژمێر ١٠ی شەو، بە لێدانی یەک خولەک چەپڵە لەسەر سەربان یان بەر پەنجەرەی ماڵەکانتانەوە ڕێز لەو بەڕێزە خۆنەویستانە بگرن.

بە ڕێزەوە،

کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات