ڕێبوار چارکداری بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا

13:24 - 5 جۆزەردان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕێبوار چارکداری" پاش بانگهێشتکردنی بۆ دادگای ئینقلابی شنۆ، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی شەممە ٦ی خاکەلێوە پێی ڕاگەیەندرابوو.

حوکمی زیندانیی ڕێبوار چارکداری پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بەو حوکمە بۆ ٩ مانگ کەم کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژ ١٤٠٠، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر" بێبەری کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٠، "ڕێبوار چارکداری" بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە هەتا کاتی دادگاییەکی ئازاد کرابوو.