ڕێبوار عەبدوڵڵاهی چالاکی کرێکاری بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

10:24 - 19 رەشەمه 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەمە، ڕێبوار عەبدوڵڵاهی چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تەمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی سنە، ئازاد کرا.

ڕێبوار عەبدوڵڵاهی پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، ڕێبوار عەبدوڵڵاهی پاش چوونەدەرەوەی لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە کرێکارییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

ڕێبوار عەبدوڵڵاهی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووە؛ هەروەها ساڵی ٩٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە کۆمیتەی هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.