ڕۆیا جەلالی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا

09:45 - 14 رەشەمه 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەمە، چالاکێکی ژینگەیی بە ناوی "ڕۆیا جەلالی"، خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ۱٤ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو چالاکە ژنە و بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە ژینگەییە بە شێوەیەکی توندوتیژییانە لەگەڵ ناوبراو هەڵسوکەوتیان کردبوو.

ڕۆیا جەلالی هاوژینی خەبات مەفاخری، چالاکی ژینگەیی خەڵکی سنەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە ۱٨ی بەفرانبار بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کرا.

خەبات مەفاخری ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ئەو چالاکە ژینگەییە لە کاتی دەسبەسەریدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە درابووە بەر لێدان.