ڕۆژی ٤ی ئاوریل ڕۆژی ئاگادارکردنەوەی مەترسییەکانی مینه، کە هێشتا مینە چێندراوەکان لە ئێران و کوردستان مەترسین بۆ گیانی هاووڵاتییان

12:28 - 16 خاکەلێوه 2720

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی ٤ی ئاوریل بەرانبەر بە ١٦ خاکەلێوەی ٢٠٠٥ی، وەکوو ڕۆژی ئاگادارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین" ناودێر کردووە.

لە ناودێرکردنی ڕۆژی ئاگادارکردنەوەی مەترسییەکانی مین ڕێککەوتننامەیەک بە ناوی "پەیمانی دژە مین" لە نێوان ١٦٢ وڵاتی جیهان بەستراوە کە سەرەڕای بەستنی ڕێککەوتننامەی بەربەرکانێ لەگەڵ مین و هەڵگرتنەوەی مینە چاندراوەکان، ئێرانی وەکوو دووهەمین وەڵاتی جیهان ئالوودە بە مین، هەر چەند بە ڕووکەش خۆی بە پشتیوانی هەوڵەکانی میللیی، ناوچەیی و جیهانی لە حەوزی هەڵگرتنەوەی ناوچە بە مین تەندراوەکان دەزانێ، بەڵام هەتا ئێستا لە کۆنوانسیۆنەکانی بەکارنەبردنی مینی کۆنوانسیۆنی ئۆتاوا، ئەندام نییە و ئەو ڕێککەوتننامەیە واژۆ نەکردووە.

ئێران بە ٤٢ هەزار کیلۆمێتری چوارگوشە مینی چێندراو لە پارێزگاکانی خووزستانی، ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ، پاش وڵاتی میسر بە دووهەمین وڵاتی ئالوودە بە مین ئەژمار کراوە و لەو پەیوەندییەدا، بە هۆی مینە کۆنەکراوەکان لە ئێران و کوردستان ساڵانە ژمارەیەک لە هاووڵاتییان دەبنە قوربانی.

لەو پەیوەندییەدا و بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا لە ساڵی ٩٨، ١٨ هاووڵاتیی مەدەنیی لە کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین و خومپارە بە جێماوەکان، کوژراو و بریندار بووە، (٤ کوژراو و ١٤ بریندار).

لە کۆی هاووڵاتییانی مەدەنیی، دوو مێرمنداڵی ١٠ ساڵ و ١٤ ساڵ بوونەتە قوربانی مین، لەو ڕووداوەدا، مێرمنداڵی تەمەن ١٠ ساڵ خەڵکی  شاری ئیلام بە تەقینەوەی مین گیانی لە دەستدا و مێرمنداڵی تەمەن ١٤ ساڵەی خەڵکی شاری قەسری‌شیرینش، بریندار بوو.

هەروەها لە کۆی ئەو هاووڵاتییانە، ٥ کۆڵبەریش، بە تەقینەوەی مین کوژرا و بریندار بوون.

لەو پەیوەندییەدا، ٦ کەس لە فەرمانبەرانی هەڵگرتنەوەی مین، لە کاتی هەڵگرتنەوەی مینە بە جێماوەکان لە ناوچەی ئیلام بریندار و تووشی شەپۆلگرتووی مین هاتوون، کە ئاژانسی کوردپا تەنیا دوو کەسیان وەکوو هەڵگرەی مین بە هاووڵاتیی کورد، پشتڕاست دەکاتەوە.