ڕۆژنامەوانێکی کورد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا

22:12 - 26 رەزبەر 2721

ڕۆژی دووشەممە ۲٦ی ڕەزبەر، ڕۆژنامەوانێکی کورد بە ناوی "جەبار دەستباز"، بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ڕۆژنامەوانە لە ڕێگەی بانگهێشتنامەیەک بە نووسراوە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "جەبار دەستباز پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە و هۆکاری بانگهێشتکردنی ناوبراو چالاکی ڕۆژنامەوانی و مەدەنی بووە".

ئەو هاووڵاتییە خەڵکی شاری دیواندرەوە و دانیشتووی شاری سنەیە.

ناوبراو ڕاپۆرتگەلێکی مەیدانیی سەبارەت بە قوربانییانی مین، کۆڵبەران و توندوتیژی دژ بە ژنان لە حەوتوونامەی فەرهەنگی ‌ــ کۆمەڵایەتیی "دەنگی کوردستان"، بڵاو کردووەتەوە.