ڕۆژنامەوانێک لە شاری سنە دادگایی دەکرێت

15:13 - 19 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە ڕۆژانی داهاتوودا لە لقی ١٠٢ی کەیفەری ئەو شارە دادگایی دەکرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کازم ئیمانزادە، بەڕێوەبەر و خاوەنی ئیمتیازی ماڵپەڕی خەبەری_تەحلیلی \"هیوا نیووز\" ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، لە دەزگای قەزایی بەشی شاری سنە دادگایی دەکرێت.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی درۆ، بڵاوکردنەوەی بابەت بە پێچەوانەی ڕاستییەکان، دژی نیزام، بێڕیزی بە پیرۆزییەکان و بڵاوکردنەوەی بابەتگەلێک لە ڕاستای دووبەرەکی نانەوەی قەومی، مەزهەبی و نێژادی\" دراوەتە پاڵی.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، جێگری چاپەمەنی و زانیاری گەیاندنی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری سنە لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە بەشداری هەیئەتی مونسفە، دادگایی کردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردەی پشتڕاست کردووە.

ماڵپەڕی خەبەری_تەحلیلی \"هیوا نیووز\" چالاکی فەرمی خۆی لە ١٠ ی ڕەشەممەی ساڵی ٩٤ی هەتاوی، بە دوو زمانی کوردی_فارسی لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی دەستی پێکردووە.