ڕۆژنامەنووسێکی کورد هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە

21:00 - 18 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، نامەیەکی ڕوو لە ویژدانە نەنووستووەکان بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیجلال قەوامی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ، خەڵكی شاری سنە، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک ڕوو لە ویژدانانە نەنووستووەکان ڕایگەیاند، کە لە لایەن کەسانێکی دیاریکراوەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە.

لەم نامەیەدا هاتووە: \"وەک دەزانن و دەزانین کە چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند کەناڵێک هەندێ بابەت و نووسین بڵاو دەکەنەوە، کە بووەتە هۆکاری ئەوەی تۆمەت لەم و لەو بدرێت. لەم ماوەیەدا کە بیستوومە سکاڵا بۆ فڵان جێگە و فیسان جێگە تۆمار کراوە، کە من هەواڵ و زانیاری دژی حکوومەتی ئێران لەو کەناڵانەدا بڵاو دەکەمەوە.

ئەم چالاکەی مافی مرۆڤە لەم نامەیەدا باسی لەوەش کردووە، کە لە ماوەی دوو دەیە چالاکیی ڕۆژنامەوانی و مافی مرۆڤی بە پرەنسیبەکانی کارەکەم وەفادار بوومە و لە بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ و چەواشەکارانە خۆم پاراستووە. ئێستە چەند ڕۆژێکە بە بیانووی بابەتەکانی ئەم کاناڵانە هەڕەشەی کوشتنم لێ دەکرێت.

ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا لە بارەی \"ڕۆژنامەنووسی لە کوردستان و کێشە و بەربەستەکانی\" ڕایگەیاند بوو: چالاکیی ڕۆژنامەوانی لە کوردستانی ئێراندا وەک هەنگاوهەڵهێنان لە مەیدانی مینە و ڕۆژنامەنووس دەبێت ئاگادار بێت کە بچووکترین هەڵە لێکەوتەی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

ئیجلال قەوامی چالاکوانی و ڕۆژنامەنووسیی لە ساڵی ١٣٧٩ لە ڕۆژنامەی ئێرانەوە دەست پێ کردووە و لە ئێستەدا بە یەكێک لە دیارترین ڕۆژنامەنووسەکانی کوردستان دەژمێردرێت.