ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە شاری مەشهەد دەستبەسەر کرا

12:50 - 10 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: شاعێر و ڕۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری مەشهەد لە سەر بڕیاری دادسەرای گشتی و دادگای ئینقلابی شاری مەشهەد دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی سەرماوەز، ڕۆژنامەنووس و شاعێری کورد لە شاری مەشهەد بە ناوی \"عەلیڕەزا سپاهی‌لابین\" دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو ڕۆژنامەنووس و شاعێرە کوردە بە هۆی نووسینی بابەتێک لەژێر ناوی \"خۆرافات، لە لاڤاو بە هێزترە\" لە لایەن دادسەرای شاری مەشهەدەوە بانگهێشت و بە بیانووی ئەوەی کە دوو ڕۆژ دواتر سەردانی دادگای ئەو شارەی کردبوو، لە سەر بڕیاری جێگری سەردۆزگری شاری مەشهەد دستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی \"وەکیل ئاوا\"ی ئەو شارە کرا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە بە تۆمەتی\"بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیروڕای گشتی\" زیندانی کراوە، ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: عەلیڕەزا سپاهی کارمەند و دانیشتووی شاری مەشهەد و بەرگەی بانگهێشت کردنەکەی ڕەوانەی گوندەکەیان\"سنگ دیوار\" کراوە و دوو ڕۆژ دواتر لە لایەن براکەیەوە پێی گەیشتووە.

ئەم رۆژنامەنووسە کوردە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە گوندی سەنگ دیوار لە دایک بووە و تا ئێستا ١٠ کتێبی بە زمانەکانی کوردی و فارسی چاپ و بڵاو کردووتەوە.