ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە شاری مەریوان دەسبەسەر کرا

13:34 - 25 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شاری سنە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر، ڕۆژنامەنووسێکی کورد بە ناوی \"محەممەدڕستگار کەریمی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی ماڵی کەسیی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە و بەبێ ‌بەڵگەی قەزایی دەستیان بە سەر کەرەستەی کەسیی ناوبراو وەکوو لەپتاپ، موبایل و کامێرای فیلمهەڵگر داگرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردەیان بە هۆی بڵاوکردنی چەند بابەتێکی ڕەخنە‌گرانە دەسبەسەر کردووە.

محەممەدڕستگار کەریمی، پیشینەی کاری ڕۆژنامەوانیی لە هەواڵدەریی حکوومەتی مێهر، زرێوارخەبەر و هەمشەهری هەیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە لە گرتنگەی هێزە ئیتلاعاتییەکانە.