ڕۆژنامەنووسێکی کورد بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ هێشت

14:51 - 16 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز، لە ژێر گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ هێشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژنامەنووسێکی کورد، خەڵکی شاری سەقز بە ناوی \"سەلاح ڕەمەزانیان\"، (ئاسۆ ڕوانسەری) لە ژێر گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێران، ئێرانی بەجێ هێشت و وەکوو پەنابەر ڕووی لە وڵاتی نوروێژ کرد.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: \"بە هۆی هاوکاریی لەگەڵ ڕاگەیەنە کوردییەکان لە دەرەوەی وڵات لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لەژێر چاوەدێری دابووم\".

ناوبراو دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان لە هەوڵی دەسبەسەرکردنی مندا بوون و هێرشیان کردە سەر ماڵەکەم لە شاری تاران، بەڵام لە دەسبەسەرکردنی من سەرکەوتوو نەبوون\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"پاش گوشارە بەردەوامەکانی هێزە ئیتلاعاتییەکان، ناچار بووم زێدی خۆم بەجێ ‌بهێڵم.

سەرەتای مانگی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی کەسیی ڕۆژنامەنووسێکی کورد، بە ناوی \"سەلاح ڕەمەزانیان\" (ئاسۆ ڕوانسەری) لە شاری تاران و کەرەستە کەسییەکانی ئەو ڕۆژنامەنووسە وەک کامپیوتێر و هەروەها هێندێک کەرەستەی کەسیی دیکەی نابراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، نەیانتوانیوە ناوبراو دەسبەسەر بکەن، بەڵام لە جیاتی ئاسۆ ڕوانسەری باوکیان دەسبەسەر کردووە.