ڕۆژنامەنووس و چالاکێکی مەدەنیی کورد چارەنووسی ناڕوونە

15:09 - 16 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەوتوو بە سەر دەسبەسەرکرانی ڕۆژنامەنووس و چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو کەسە لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، چالاکی مەدەنی، ژینگەپارێز و ڕۆژنامەنووسی کورد \"ئارمان غەفووری\"، خەڵکی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەسبەسەر کردنی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە لەگەڵ \"عەدنان حەسەنپوور\"، \"محەممەد دانش\"، \"فەرامەز محەممەدی\" و \"ناسیح باخشی\" بە تۆمەتی \"بەشداریکردن لە کۆبوونەوە پشتیوانیی لە شاری عەفرین\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئارمان غەفووری، یەکێک لە ئەندامانی چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دوایین دەسبەسەرکردنی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.