ڕۆژانە پێنج کرێکار لە ڕووداوی کاردا دەمرن

21:30 - 9 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: نەبوونی مەرجەکانی پارێزراوی لە شوێنی کار، گیان لەدەستدانی یەک هەزار و چوارسەد و نەوەد و چوار کرێکاری لە ساڵی ڕابردوودا لێ‏کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ساڵی ڕابردوو ١٥ کرێکاری ژن لە شوێنی کارەکانیان بە هۆکاری ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست‏داوە.

هەرلەو ماوەیەدا، ١٤٧٩کرێکاری پیاو بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی پارێزراویی کار(ایمنی)، تووشی ڕووداوی کار هاتوون و گیانیان لەدەست داوە.

یاسا باس لەوە دەکات کە ڕووداو دەبێ دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی هەبێت بۆ ئەوەی وەکوو ڕووداوی کار هەژمار بکرێت، لەکاتی کاردا یان بە هۆی کارەوە ڕووی دابێت.

بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کار و خۆشبژیوی، زۆربەی ئەو کرێکارانەی کە لە ڕووداوی کاردا گیان لەدەست دەدەن، خاوەنی دڵنیایی‏کار (بیمە) نین.

هەر وەک ساڵانی ڕابردوو، بەربوونەوە لە بەرزایی زیاترین قوربانیی لە کرێکاران گرتووە، بە چەشنێک کە لە ساڵی ١٣٩٤دا، ٦٥٨ کەس بەو هۆکارە مردوون.

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پزشکی یاسایی ئێران دەنووسێت: لەپاش بەربوونەوە لە بەرزایی، بەرکەوتنی شتی ڕەق بە ٣٢٢ کەس و بەرق گرتوویی بە ٢٤٧ کەس و نەبوونی ئۆکسیژن بە ٧٠ کەس زیاترین ڕێژەی قوربانیانی هەیە.

ئاماری گیان لەدەستدانی کرێکاران لە ساڵی ڕابردوودا بە بەراورد بە ساڵی پێشووتری(٩٣) بە ڕێژەی ٢١% کەمی کردووە.

توێژینەوەکان نیشان دەدات کە ساڵانە نزیک بە ٢٠ هەزار کەس لە ئێراندا قوربانیی ڕووداوی کار دەبن.

پێشتر ڕۆژنامەی \"ایران\" لە زاری جێگری وەزیری کار و خۆشبژیوی بڵاوی کردبووەوە کە کرێکارانی ئێران ٣ ساڵ لەدوای خانەنشینی بە هۆکاری نەخۆشی دەمرن، بەڵام لە ئاڵمان، کرێکاران ٣٠ ساڵ دوای خانەنشینی هیوایان بە ژیان هەیە.