١٦ ڕۆژ مانگرتنی بازاڕیان بە کاتی بانە

14:41 - 10 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: مانگرتنی دوکانداران و بازاڕیانی شاری بانە پێی نایە ١٦هەمین ڕۆژی خۆیەوە و مانگرتووان ڕایانگەیاندووە کە ئێواران لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەو شارە کۆدەبنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی بانەمەڕ، دوکانداران و بازاڕیانی مانگرتووی شاری بانە بۆ ١٦هەمین ڕۆژ بە داخستنی دوکان و بازاڕەکانی ئەو شارە، داوای جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان لە بەرپرسانی حکوومەتی بۆ کردنەوەی سنوورەکان.

مانگرتنی دوکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرکەکان دەستی پیکردووە.

ڕۆژی ڕابردوو، دوکانداران و بازاڕیانی شاری بانە کاتژمێر ٤و ٣٠ خولەک بە کۆبوونەوە و ڕاخستنی سفرەی خاڵی لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەو شارە داوای جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان و کرانەوەی سنوورکانیان کرد.

لە کۆبوونەوەی بەردەم بینای فەرمانداری شاری بانەدا، دوکانداران و بازاڕییان بە هەڵگرتنی پلاکارتگەڵێک کە لە سەری نووسرابوو، \"کرانەوەی سنوورەکان\"، \"نان و کار\" و هەروەها بە دروشمی \"چیتان دەوێ هاووڵاتییان ڕۆیشتنی فەرماندار\"، داواکاری جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان بوون.

مانگرتنی دوکانداران و بازاڕییان تەنیا تایبەت بەو چین وتوێژەی شاری بانە نەبووە کە لە سنوورەکاندا کار دەکەن بەڵکوو لەو پەیوەندییەدا، مامۆستایانی ئایینی و کۆمەڵگای پزیشکیش پشتیوانی خۆیان لە مانگرتووانی ئەو شارە دەربڕیوە.

لە درێژەی ئەو مانگرتنانەدا، یەکێک لە پزیشکەکانی شاری بانە بە ناوی \"هوشیار ئەحمەدی\" بۆ پشتیوانی لە مانگرتووانی ئەو شارە، ڕایگەیاند: هەتا کاتی کرانەوەی سنوورەکان و جێبەجێ کردنی داخوازییەکانی دوکانداران و کاسبکاران، پارەی ویزیت بە دڵخوازی نەخۆشەکان یان هەر بڕە پارەیەک کە بۆ خۆیان دیاری دەکەن، دەبێت.

پشتریش، یەکێک لە خاوەن پاساژەکانی شاری بانە ڕایگەیاندبوو، هەتا کاتی کرانەوەی خالە سنوورەییەکان و کەم کردنەوەی \"تعرفە‌های گمرکی\" پارە لە خاوەن دوکانەکان وەرناگرێت.

مانگرتووانی شاری بانە داوای پشتیوانی لە هاووڵاتییانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەن کە لە هەموو شارەکانی کوردستان کاتژمێر ٤.٣٠ بە کاتی مانگرتن بە ڕاخستنی سفرەی خاڵی لە بەردەم بینای فەرمانداری شارەکان کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆببنەوە.

مانگرتنی دوکانداران و بازاڕیان شاری بانە لە کاتێکدا پێی نایە ١٦هەمین ڕۆژی خۆی کە پاڕێزگاری سنە داوای کرانەوەی دوکان و بازاڕەکانی کردبوو؛ هەروەها لەو ماوەیەدا، چەندین کەس لە بەرپرسانی باڵای وڵات و نوێنەری مەجلیسی ئێران و تەنانەت ئەماکن و ئیتلاعات هەوڵی کرانەوەی دوکانەکانیان داوە، بەڵام هەوڵەکانیان هەتا ئێستا بێ‌ئاکام بووە.

مانگرتنی دوکانداران و بازاڕییانی شارەکانی کوردستان بە تایبەت شاری بانە، درێژترین مانگرتنی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە؛ بە وتەی چالاکانی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەم مانگرتنە مەدەنییە بە واتای \"سەپاندنی کەرامەتی مرۆیی\" بە سەر حکوومەتدایە.