٤٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی، بە بیانووی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان

23:31 - 18 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار، کە لە گەڵاوێژی ئەمساڵدا، لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتیی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا و ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە ژووی تاکەکەسی دابووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"سەید جەماڵ سەفەوی\"، هاووڵاتییە کورد خەڵکی شاری پیرانشار، کە لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتیی شاری پیرانشارەوە، دەسبەسەر کرابوو، پاش دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و لە ژێر گوشاری هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعات، بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهشت.

لەو پەیوەندییەدا، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعات، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، پاش هاتنەدەرەوەم لە ماڵ، منیان دەسبەسەر کرد و بە هیچ لێپرسینەوەیەک ماوەی ٤٠ رۆژ لە ژووری تاکەکەسی دابووم.

سەید جەماڵ سەفەوی هۆکاری دەسبەسەر کردنی خۆی لە لایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتەوە بە بیانووی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان گەڕاندەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە هەنووکە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ماوەی ١٠ رۆژ لە زیندانی ناوەندی شاری نەغەدە دابووم و دواتر ڕەوانەی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ کرام و ماوەی ٤٠ رۆژیش لە ژووری تاکەکەسی ئەو زیندانە دابووم.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە چۆنییەتی ئازاد کردنی خۆی بۆ ئاژانسی کوردپا کرد و ڕایگەیاند: من بە شێوەی کاتی بە دانانی دوو بارمتەی ١٥٠ و ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرام و لە ژێر گوشاری هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعات، بە ناچاری زێدی خۆم بەجێهێشت و لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ئەم مانگەدا، لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووم.