ڕۆمانی \"١١ خولەک\"، لە بازاڕەکانی تورکیە کۆکرایەوە

16:00 - 25 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی سانسۆرکردنی وشەی \"کوردستان\" لە بازاڕەکانی تورکیا، ڕۆمانێکی \"پاولۆ کۆیلۆ\" کۆکرایەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، کتێبێک نە لەبەر هەبوونی ناوی \"کوردستان\"، بەڵکوو لەبەر دەرهێنان و گۆڕینی وشەی \"کوردستان\"، لە بازاڕەکانی تورکیادا کۆ کرایەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی چاپی تورکیی ڕۆمانی \"١١ خوولەکـ\"ـی نووسەری جیهانی \"پاولۆ کۆیلۆ\"، لە لایەن وەشانخانەی \"جانـ\"ـەوە، سەرنج درا کە دەستکاریی پارەگرافێک کراوە و وشەی \"ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست\" خراوەتە شوێن وشەی \"کوردستان\".

ئەم ڕەفتارە ناڕەزایی زۆری خوێنەرانی لێکەوتەوە و هەواڵەکە بەخێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تەشەنەی کرد.

دوای بڵاوبوونەوەی گوڕینی وشەی \"کوردستان\" لەو کتێبەدا، \"جان ئۆیز\"، بەڕێوەبەری گشتیی وەشانخانەی \"جان\"، لە ڕێی تویتێرەوە ڕایگەیاند کە لە ئەمڕۆوە دووشەممە، دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی کتێبەکە لە بازاڕەکاندا و بەڵێنیی داوە لە نزیکترین کاتدا بە هەبوونی ناوی \"کوردستان\" تێیدا، دووبارە چاپ بکرێتەوە.

پارەگرافی مایەی باس لە چاپە ئینگلیزییەکەدا بەمجۆرەیە: \"ئەو (ماریا) چووە ئینتێرنێت کافێیەک و بۆی دەرکەوت کوردەکان خەڵکی کوردستانن، وڵاتێک کە ئێستا لە نێوان عێراق و تورکیادا دابەش کراوە\".

هەمان پارەگراف لە چاپە تورکییەکەدا، دەستکاری کراوە بە: \"ماریا چووە ئینتێرنێت کافێیەک، نووسرابوو کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەژین.\"