ڕووداوە سروشتییەکان ٩ هەزار میلیارد ڕیاڵ خەسارەتی لە پارێزگای ورمێ داوە

15:17 - 28 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ٩ هەزار میلیارد ڕیاڵ، خەسارەت لە ژێرخانەکان و بەشی کشتوکاڵیی داوە.

بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند: بە هۆی ڕووداوە سروشتییەکانەوە، لە سەرەتای شەش مانگی ئەمساڵدا، لە پارێزگای ورمێ، ٩ هەزار میلیارد ڕیاڵ، زەرە و زیان بەر ژێرخانەکان و بەشی کشتوکاڵیی لەو پارێزگایە کەوتووە.

بە وتەی ئەمیرعەباس جەعفەری وتوویەتی\" لەو ڕێژە خەسارەتەدا، ٨ هەزار و ٥٠٠ میلیارد ڕیاڵ، خەسارەت لە بەشی کشتوکاڵی کەوتووە و ئەو بڕە پارەکەی دیکەش بەشەکانی لە بواری ژێرخانەکان، ڕێگاکان، خانووبەرەی گوندەکانی ئەو پارێزگایە بووە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها دەڵێت: لەو ڕێژە خەسارەتە ٦هەزار میلیارد تایبەت بە سێڵاو بووە، کە زۆرترین خەسارەتی بە کشتو کاڵ و بەروبوومی ئەو پارێزگایەی گەیاندووە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە خەسارە مرۆیییەکان کرد و ڕایگەیاند: لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بە هۆی ڕووداوی سروشتی، ١١ کەس کە لەو پارێزگایە گیانیان لە دەستداوە، تۆمار کراوە و لە کۆی ئەو ١١ کەسەش، ٦ کەس بە هۆی سێڵاو، ٤ کەس بە هۆی هەورەتریشقە و کەسێکی دیکەش بە هۆی باو و بۆران، گیانیان لە دەست داوە.