ڕووداوی کار، گیانی هاووڵاتییەکی بۆکانیی ئەستاند

15:01 - 26 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی خەڵکی شاری بۆکان، بەهۆی ڕووداوی کار لەو شارەدا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی \"عەلی ڕەحیمی\"، کوڕی محەممەد، لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداوی کار بوو.

ئەو کرێکارە کوردە، خەڵکی گوندی \"یەنگێجە\"ی شاری بۆکان و بەهۆی بەربوونەوە لە بینایەک لە کاتی کارکردندا، دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.

لە ماوەی ١٠ مانگی ساڵی ٩٧، زیاتر لە ١٠٠٠ کرێکار لە ئێراندا، بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردستان (کوردپا)، لە ساڵی ٩٧دا، بەهۆی ڕوودای کار، ٥٥ هاووڵاتیی کورد بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار و لە کۆی ئەوە، ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.