ڕووداوی کار کرێکارێکی لە سەلاسی باوەجانی کردە قوربانی

15:20 - 16 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی بیناسازی لە سەلاسی باوەجانی بە هۆی بەربوونەوە لە بینایەکی چەند نهۆمی، تووشی ڕووداوی کار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٥ خەرمانان، کرێکارێکی کورد لە شاری سەلاسی باوەجان، بەهۆی بەربوونەوە لە بینایەکی چەند نهۆمی تووشی ڕووداوی کار هات و بە توندی بریندار بوو.

پاش ئەو ڕووداوە، بە هاوکاریی هێندێک لە کرێکارەکانی ئەو بینایە، ئەو کرێکارە کوردە بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری تازاوا گوازرایەوە.

ماڵپەڕی خۆجێیی شاخی شمێران لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو کرێکارە لە لای سەر و ملیەوە بە توندی بریندار بووە و هەنووکە لە ژێرچاوەدێریی پزیشکیدایە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو کرێکارە کوردە ڕانەگەیەنراوە.

شاری سەلاسی باوەجانی بە هۆی سنووری و شاخاوی بوونەیەوە، لە ناوەندی دەرمانی پارێزگا بێبەشە و پاش سێ ساڵ لە تێپەڕینی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید، هەروەها لە خەدەماتی ئورژانسی هەوایی بێبەشە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دوو‌شەممە ٨ی خەرمانان، نیسان وانتی کرێکاران لە کاتی گەڕانەوە لە بازارچەی سنووریی شێخ سەڵە، لە نزیک گوندی \"نگرە\"ی شاری جوانڕۆ، بە هۆی تەقینی یەکێک لە تایەکانی وەرگەڕا، و لە ئەنجامدا، ١٣ کرێکار بریندار بوون.

لینک پێوەندیدار:
وەرگەڕانی ماشین لە جوانڕۆ ١٣برینداری لێ کەوتەوە