ڕووداوی کار لە کوردستان گیانلەدەستدانی دوو کرێکاری لێ‌کەوتەوە

14:54 - 29 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: گازگرتوویی و بەربوونەوە لە بەرزایی، هۆکاری گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی کڕیکاری کورد بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە کرێکارەکانی کێڵگەی پەلەوەری گوندی \"شێخ عەتار\"ی شاری مەریوان، بە هۆی گازگرتووییەوە گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو کڕێکارە تەمەن ٣٩ ساڵە، \"جەمیل مورادی\" کوڕی \"ئەحمەد\" ڕاگەیەنراوە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا ئاماژە بەوە دەکات کە؛ ئەو کڕیکارە کوردە خێزاندارە و لە کۆتاییەکانی حەوتووی رابردوو، لە کاتی پشکنینی کەرەستە گەرمکەرەوەگانی کێڵگەی پەلەوەر تووشی ڕووداوی گازگرتوویی بووە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو ٢٨ی ڕەشەمە، کرێکارێکی کورد، خاوەنی بڕوانامەی گرافیک لە کاتی کارکردن لە بینایەکدا، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە کوردە خەڵکی شاری دێهلۆران بووە و لە کاتی کارکردندا، لەنهۆمی شەشەمەوە بەربووەتەوە.

ئەوکرێکارە تەمەنی ٣٦ ساڵ بووە و خاوەنی بڕوانامەی گرافیک و چەند ڕشتەیکی دیکەی هونەری بووە.

لە ساڵی ڕابردوودا(١٣٩٤)ی هەتاوی، هەزار و ٤٩٤ کەس بە هۆی ڕووداوی کارەوە لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.