ڕووداوی کار لە قوروە و سەقز گیانلەدەستدان و برینداربوونی دوو کرێکاری لێ کەوتەوە

10:22 - 22 رەزبەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، کرێکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی شاری قوروە، لە کاتی کارکردن لە بینایەکی چوار نهۆمیدا بەربووەتەوە و بە سەختی بریندار بووه.

ئەو کرێکارە کوردە، لەو ڕووداوەدا سەر، دەست و لاقی شکاوە و بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە سەرەتا ڕەوانەی نەخۆشخانەی قوروە کراوە و پاشان بۆ نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە، ڕاگوێزراوە.

هەتا ئێستا شوناسی ئەو کرێکارە کوردە ناڕوونە.

لە لایەکی دیکەوە، هەواڵدەریی "ئیلنا" باسی لە گیانلەدەستدانی کرێکارێکی سەقزی بە ناوی "ئومید شافێعی" کردووە کە بەهۆی بەربوونەوەی دەزگای باڵابەر لە بینایەکەی سێ نهۆمیدا، بریندار ببوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها نووسیوویەتی ئەو کرێکارە هەمان ڕۆژ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە نەخۆشخانەی سەقز، سەرەڕای هەوڵی پزیشكان بۆ ڕزگاکردنی، گیانی لەدەست داوە.