ڕووداوی کار لە شاری کەنگاوەر قوربانیی لێ کەوتەوە

16:20 - 17 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێک لە کاتی کار کردنی لە بینایەکی نیوەکارەدا لە شاری کەنگاوەر سەر بە پارێزگای کرماشان، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەربوونەوە لەکاتی کاردا لە بینایەک، گیانلەدەستدانی کرێکارێکی تەمەن ٣٧ ساڵەی خەڵکی شاری کەنگاوەری بە دواوە بوو.

ئەو کرێکارە تەمەن ٣٧ ساڵە بە کەڵکوەرگرتن لە بڵیندکەرەوە لە حاڵی جێبەجێ کردنی کەرەستەی خانووبەرە بۆ یەکێک لە نهۆمەکانی ئەو بینایە بووە کە لەو بەرزاییەوە بەردەبێتەوە.

شوناسی ئەو کرێکارە و زانیاری زیاتر لە مەڕ ئەو کڕیکارە لە بەردەستدا نیە.

ئەو ڕووداوە لەلایەن فەرماندەی ئینتزامیی شاری کەنگاوەرەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

ڕووداوی کار لە کوردستان بەپێی ڕاپۆرتی ئاماری کوردپا لە ساڵی ڕابردوو، ٢٧ قوربانیی بە دواوە بووە، زۆرترین حاڵەتەکانی ڕووداوی کار بە هۆی نەبوونی کەرەستەی ئیمەنی و بارودۆخی نالەباری ژینگەی کار ڕوو دەدات.

بەپێی پێناسە، ڕووداوی کار بریتییە لە؛ هەر ڕووداوێکی کوتوپڕ و نەخوازراو، کە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە فەرمانبەران یان ئەوەی زیان بە کەرەستەکان، دامەزراوەکان و ژینگە بگەیەنێت.