ڕووداوی کار لە شاری بانە قوربانیی لێ‌کەوتەوە

20:52 - 27 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بەربوونەوەی لە هەڵبڕەوە(بالابر) کرێکارێکی بیناسازی لە شاری بانە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردان، کرێکارێکی کوردی تەمەن ٢٥ ساڵە بە ناوی \"سارۆ خزری\"، بە هۆی ڕووداوی کار و بەربوونە لەسەر هەڵبڕ لە بینایەکی چوار نهۆمی، گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە کوردە خەڵکی شاری بانەیە و خێزاندارە.

پاش ئەو ڕووداوە، ئەو کرێکارە کوردە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری بانە، بەڵام بە هۆی سەختیی برینەکەی، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردان، سارۆ خزری گیانی لەدەست دەدات.

بە هۆی نەبوونی مەرجەکانی پارێزراوی لە شوێنی کار، ماوە ماوە شایەتی گیان لەدەستدانی کرێکارانی کورد لە شار و ناوچەکانی کوردستان دەبین.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ١٠ی جۆزەردان کرێکارێکی دیکەی کورد بە ناوی هێمن غەفووری خەڵکی بانە، لە شاری سنە بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا.

هەر وەک ساڵانی ڕابردوو، بەربوونەوە لە بەرزایی، زیاترین قوربانیی لە کرێکاران گرتووە، بە چەشنێک کە لە ساڵی ١٣٩٤دا، ٦٥٨ کەس بەو هۆکارەوە مردوون.