ڕووداوی کار لە سەحنە دوو قوربانیی لێکەوتەوە

19:49 - 18 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوە بتڵی گازی نائێستاندارد لە کارگەیەکی شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان، برینداربوونی ٢ کرێکاری ئەو کارگەیەی لێکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، بەهۆی تەقینەوەی بتڵی ئستیلێنی یەکێک لە جۆشکارییەکانی شاری سەحنە، ٢ کرێکار بریندار بوون.

هێزی تەقینەوەکە بە ڕادەیەک بووە کە یەکێک لە کرێکارەکان، کە پیاوێکی تەمەن ٤٥ ساڵ بووە، دەست و پێی ڕاستی خۆی لەدەست داوە و بۆ چارەسەری ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی کرماشان ، کە لە ٥٥ کیلۆمێتری ئەو شارە هەڵکەوتووە، کراوە.

بەپێی یاسا، ئەو یەکە بەرهەمهێنەرە بازرگانییانەی کە کەمتر لە ١٠ کەس لەوێدا سەرقاڵی کار کردنن، لە پشتیوانی حکوومەتی بێبەشن و ڕووداوەکانی کار لەو جۆرە کارگە چووکانەدا لە ئاماری ڕووداوەکانی کاری پزیشیکی یاسایی تۆمار ناکرێت.

هەواڵدەریی ئیرنا لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی نالەباربوونی دۆخی یەکێک لە قوربانییەکانی ئەو ڕووداوە، بە فڕۆکە گوازراوەتەوە بۆ کرماشان.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، شووناسی هیچ کام لە دوو بریندارەکەی ئەو ڕووداوە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.