ڕووداوی کار لە سنە قوربانیی لێ کەوتەوە

14:18 - 22 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سنە بە هۆی داتەپینی بیری ئاو، گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەر، لاوێکی خەڵکی گوندی \"تۆدارمەلا\"ی سەر بە شاری سنە، بە هۆی داتەپینی خاکی چاوانەی بیرێکەوە، گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە بە \"غالب مەلایی\" ڕاگەیەنراوە.

کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە؛ ئەو کرێکارە کوردە لە کاتی هەڵکەندنی بیری ئاو بە بێڵی میکانیکی کە قووڵاییەکەی حەوت میتر بووە، چووەتە ناو بیرەکەوە و بە هۆی داتەپینی چاڵەکە، بووە بە ژێر خۆڵەوە و گیانی لەدەست داوە.

کرێکارانی کورد سەرەڕای نەبوونی دڵنیایی کار، ڕۆژانە تووشی ڕووداوی کار دەبن و گیانیان لەدەست دەدەن.

پێشتریش، دوو کرێکار لە پارێزگای لۆڕستان و شاری سەردەشت بە هۆی ڕووداوی کار، لە کاتی کار کردندا گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ئاماری نوێی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێران، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٤٨٤ کەس لە ڕووداوی کاردا گیانیان لەدەست داوە.