ڕووداوی کار بووە هۆی مردنی ئەندازیارێکی بەرق

20:33 - 25 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: گیانی یەکێک لە ئەندازیارانی بەرقی توونێلی گواستنەوەی ئاو لە پیرانشار بەهۆی نەبوونی کەرەستەی خۆپاراستن ئەستێندرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، ٢٣ی ڕەشەمە، یەکێک لە کرێکارانی کۆمپانیای \"سازەکاران ایلام\" لە گوندی \"خۆرینجە\"ـی سەربە پیرانشار بەهۆی بەرقگرتوویی لەکاتی کارکردندا گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو ئەندازیارەی بەرق؛ شەهاب قوربانی(ئەرسەلان) کوڕی محەممەد ڕاگەیەندراوە.

یەکێک لە خزمانی ئەو لاوە تەمەن ٢٩ ساڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای گوت: ئەرسەلان لە شیفتی شەودا و لەکاتی چاککردنی دامەزراوەی بەرقی توونێلی گواستنەوەی ئاو لە پیرانشارەوە بۆ دەریاچەی ورمێ تووشی ڕووداو هاتووە و لە بەرزایی بەربووەتەوە.

\"\"
شەهاب قوربانی
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا باسی لەوەش کرد کە ناوبراو لەدوای ڕووداوەکە دەستبەجێ زەربە مەغزی بووە و پێش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

ئەو ئەندازیارە خەڵکی گوندی \"چەپەرئاوێ\"ـی سەربە نەڵۆسی شنۆیە و لە کۆمپانیای \"سازەکاران ایلام\" سەقاڵی کارکردن بووە.
ناوبراو هاوسەر و منداڵی هەیە.

سووتان، بەربوونەوە لە بەرزایی، نەبوونی کەرەستە و کڵاوی خۆپاراستن لە هۆکارگەلی برینداری و مردنی کرێکاران لەکاتی کاردا دێتەهەژمار و ساڵانە بە هەزارن کرێکار تووشی ڕووداوی لەو چەشنەش دەبن.