ڕووداوی هاتووچۆ چوار کرێکاری کوردی کردە قوربانی

14:16 - 18 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: چوار کرێکاری کورد لە شاری قەزوێن، تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و دوو کەسیان گیانی لە دەست دا و دوو کەسی دیکەشیان بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ١٧ی ڕەزبەر، چوار کرێکاری کورد خەڵکی شاری کامیاران، لە شاری قەزوێن تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و دوو کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە شاری کامیاران، شوناسی ئەو چوار کرێکارە کوردەی بە ناوەکانی \"سەیوان سابری، شوکروڵڵا ڕەحمانی، سەیفوڵڵا و یاسر موزەفەری\" ڕاگەیاندووە.

لەو ڕووداوەدا، سەیوان سابری و شوکروڵڵا ڕەحمانی گیانیان لە دەست داوە و سەیفوڵڵا لە بێهوشی درێژ خایەن دایە و یاسر موزەفەریش تووشی شکانی دەست و لاق هاتووە.

ئەو چوار کرێکارە کوردە، خەڵکی گوندەکانی \"مێسووراو و تیلەکۆ\" سەر بە شاری کامیاران بوون، کە لە کاتی گەڕانەوە تووشی ئەو ڕووداوە بوون.

ئەو ڕووداوە لە جاددەی نێوان تاکستان_قەزوێن ڕووی داوە.

ئه‌مڕۆكه‌ ڕووداوی هاتووچۆ یه‌كێک له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مردن له‌ ئێراندا به ‌ئه‌ژمار دێت‌ و هه‌موو ساڵێ له‌ ئێراندا نزیك به‌ ١٧ هه‌زار كه‌س به‌ هۆی ڕووداوی هاتووچۆوەوە گیانی خۆیان له‌ ده‌ست ده‌دن و له‌ هه‌ر خولەکێکدا یه‌ك كه‌س به‌ هۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانی خۆی له‌ ده‌ست ده‌ده‌ات، کە لێخوڕینی نادروست گرینگترین هۆكاری ڕووداوی هاتووچۆ لە نێو جاده‌كان دایە‌.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی ناستانداردیی رێگەوبانەکان و پرتووکاو بوونی ماشینەکان لە ئێراندا، ساڵانە نێوان ٢٠ هەتا ٣٠ هەزار کەس بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوەوە گیانیان لەدەست دەدەن.