ڕووداوی هاتووچۆ، برینداربوونی دەست و ملی ٦ قوتابیی خەڵکی ورمێی بەدواوە بوو

14:44 - 10 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: ٦ قوتابیی کوردی خەڵکی ناوچەی سۆمای برادۆست لە ورمێ، پاش ڕووداوێکی هاتووچۆ، تووشی ئازاری دەست و مل بوون، که لە بەشی فریاکەوتنی خێرادا لە ژێر چاودێریدان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی بەفرانبار، ئۆتۆمبیلی هاتووچۆی قوتابییان، که ٦ قوتابیی خەڵکی گوندی \" فیرووزیانـ\"ـی تێدا بووە، به هۆی پێکدادان لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا، له ڕێگاکه لا دەدات و لەسەر پردێکی یەک مێترییەوە بەر دەبێتەوە.

شوناسی ئەو قوتابییانە، کە لەم ئۆتۆمبێلەدا بوون بریتین: \"مۆبین ئێبراهیمزادە، تەمەن ١٤ ساڵ\"، \"ئەسرا ئیبراهیمزادە، تەمەن ١٤ ساڵ\"، \"سابر ئاقاخانی، تەمەن ١٣ ساڵ\"، \"دیار جەهانگیری، تەمەن ١٤ ساڵ\"، \"سابر ئاقاجانی، تەمەن ١٣ ساڵ\" و \"زەکی عەبدوڵڵازادە، تەمەن ١٤ ساڵ\".

لەم ڕووداوەدا، ئەم ٦ قوتابییە تووشی برینداربوونی لە لایەن دەست و ملیانەوە بوون و ئێستاکه لە بەشی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەی خومەینی، لە شاری ورمێ لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

ئەم ڕووداوە لە ڕێگای گوندی \"فیرووزیان\" بۆ قوتابخانەی \"خلبان شهید گنبد\" ڕووی داوە و بەرپرسی پێوەندییەکانی ئیدارەی پەروەردەی ورمێ، دۆخی هەنووکەیی قوتابییەکانی لەبار وەسف کردووە.

شایانی باسە، ئەم ٦ قوتابییە بریندارە، ٢ کەسیان پۆلی هەشت و ٤ کەسیان پۆلی حەوتن.