ڕووداوی سروشتی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کردە قوربانی

15:24 - 26 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی هەستانی لافاو و زریان لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٥ی خاکەلێوە، بە هۆی بارینی باران و هەستانی لافاو لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، نزیکەی ١٠ هاووڵاتیی بوونە قوربانیی ئەو ڕووداوە سروشتییە.

بە هۆی ذاڕمانی بەشێک لە دیواری پارکی کەوسەری شاری سەقز چوار هاووڵاتی بوون بە ژێر گڵەوە و گیانیان لەدست دا.

\"\" شوناسی ئەو چوار لاوە سەقزییە بە\"ئەیووب محەممەدی\" تەمەن ٢٨ ساڵ، \"هێجران ساڵحی\" تەمەن ٢٤ ساڵ،\" میلاد بەهرامی\"و \"عەلیڕەزا قادری\" ڕاگەیەندراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز ڕایگەیاند: لە کاتی دروست کردنی ئەو پارکەدا، بە هۆی هەڵڵووشینی بودجەی تەرخان کراوی ئەو پارکە لە لایەن لایەنە پەیوندییدارەکانی حکوومەتەوە، بناغەکانی ئەو پارکە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنە ستانداردەکان دانراوە.

بە گوێرەی وتەی ئەو سەرچاوەیە، بەشی پشتەوەی ئەو پارکە بەبیانووی دروست کردنی \"فەزای سەوز\" خاکە نەرمەیان تێکردووە و ئەمەش بووەتە هۆی داڕمانی ئەو پارکە و گیان لەدەستدانی ئەو چوار هاووڵاتییە سەقزییە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە؛ ئێستاش بەشێک لە بەڵێندەران و خاوەنکارەکانی ئەو پارکە، خۆیان بەربژێر کردووە بۆ شۆرای شار و گوندەکان.

هەروەها لە شاری بانە سەر بە پارێزگای کوردستان، هاووڵاتییەک بە ناوی \"والید مەحموودی\" تەمەن ٣٠ ساڵ بوو بە قوربانیی هەستانی لافاو و زریان.

والید مەحموودی خەڵکی گوندی \"شەشە\"ی شاری بانە و لە چۆمی \"بڕوێشکانی\"ی سەر بەشی \"نەنۆڕ\"، تووشی ئەو ڕووداوە سروشتییە بووە.

هێزە خەڵکییەکان پاش گەڕان و پشکنینێکی زۆر له چۆمی بۆیەن دەیبیننەوە، کە بەداخەوە له ڕێگای نەخۆشخانەی بانەدا گیانی لەدەست داوە.

هەروەها، لە شاری شنۆ مێرمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ لە کاتی لێخوڕینی پاسکیل، لافاو دەیبات و گیانی لەدەست دەدات.

\"\"
مێهران تەوەکولی
شوناسی ئەو مێرمنداڵە تەمەن ١٤ ساڵە بە ناوی\"مێهران تەوەکولی\" خەڵکی گوندی\"ئەمیرئاوا\" ڕاگەیەنراوە.

لە هەواڵێکی هاوشێوەشدا، لە گوندی \"چخوور کەندی\" سەر بە چاڵدێران، بەهۆی داڕمانی خانوویێکەوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

تایبەتمەندیی كەش و هەوای ناوچەیی لە ماكۆوە هەتا دێهلۆران، كوردستانی ڕۆژهەڵاتی خستۆتە ژێر چەتری ڕووداوە سروشتییەكانەوە.

ئێران لەنێو وڵاتانی جیهاندا لە بواری ڕووداوە سروشتییەكانەوە بەدەیەمین وڵات دێتە ئەژمار و لە هەر ٤٠ ڕووداوی سروشتی لە جیهاندا، سی حاڵەتی لە ئێران ڕوو دەدەات.

ئەو تایبەتمەندییەش لە خۆیدا تایبەتمەندی و پێویستیی ڕوانینی پسپۆڕانەتر بۆ بیناسازی و بە گشتی هەموو ئیمکاناتی بەرگری لە بەرانبەر ڕووداوە سرووشتییەکان بەدوای خۆیدا دێنێت، کە بە هۆی گەندەڵییە ئیداری و ماڵییە یەک لەدوای یەکەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، بە هێچ شیوەیەک ڕەچاو ناکرێت و ناوە ناوە هاوڵاتییان دەبنە قوربانیی ئەو خەمساردی و گەندەڵییانە.