ڕووخانی دیوارێک، چوار مێرمنداڵی کردە قوربانی

14:54 - 7 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی ڕووخانی دیوارێکی کۆن لە گوندێکی شاری سەردەشتدا، دوو مێرمنداڵ گیانیان لەدەست دا و دوو مێرمنداڵی دیکەش بریندار بوون.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٦ی گەلاوێژ، کۆمەڵێک منداڵ لە کاتی یاریکردن لە تەنیشت دیوارێکی نیوەڕووخاوە لە گوندی \"ساوانی نوێـ\"ـی شاری سەردەشتدا، دیوارەکە بەسەریاندا ڕووخا و دوو منداڵیان گیانیان لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو دوو مێرمنداڵەی بە ناوەکانی \"باوان ڕزوانخا\"، تەمەن ٦ ساڵ، کچی حەسەن و \"ئارتین مەمەندی\"، تەمەن ٤ ساڵ، کوڕی محەممەد، ڕاگەیاندووە.

هەروەها لەو ڕووداوەدا، دوو مێرمنداڵی دیکەش بریندار بوون کە یەکێک لەو منداڵانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، لەژێرچاوەدێریی پزیشکیدایە.

گوندی ساوانی نوێ، لە بەخشی وەزنێ شاری سەردەشت، بە حەشیمەتی هەزار کەس، لە ٣٥ کیلۆمیتریی شاری سەردەشتدا هەڵکەوتووە.