ڕووخانی دیوار یان دەسدرێژیی جینسی بۆ سەر کچە قوتابییەکی منداڵ

19:58 - 19 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: چەند ڕۆژ پێش، بە هۆی ڕووخانی دیواری قوتابخانەیەک لە گوندی گەرماش سەر بە شاری سنە، کچێکی قوتابی گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەر، کچێکی قوتابی بە ناوی \"دنیا وەیسی\" پۆلی یەکەمی سەرەتایی، بە هۆی داڕمانی دیواری قوتابخانەی گوندی \"گەرماشی\" سەر بە شاری سنە، گیانی لە دەست دا.

لەو پەیوەندییەدا، هێندێک بەڵگە لەسەر هەواڵی گیان لەدەستدانی ئەو کچە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، کە گوایە ئەو کچە دەسدرێژیی جینسی کرابێتە سەری.

هەدیە کیمیایی، لە ئەکاونتی تویتێری خۆیدا، باسی لەوە کردووە، کە دوێنی لەگەڵ یەکێک لە دوکتورەکانی پزیشکی یاساییی شاری سنە قسەم کردووە و دەسدرێژی بۆ سەر دنیا وەیسی پشتڕاست کردووەتەوە و هەروەها ڕایگەیاند، بەڵگەیش لەوە پەیوەندییەدا لە بەردەستدایە.

بە وتەی ئەو کاربەرە تویتێرییە، لەو پەیوەندییەدا چەند چالاکێکی مەدەنیی کورد، دەسدرێژی بۆ سەر ئەو کچەیان پشتڕاست کردوەوتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، بە وتەی بەرێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی پارێزگای سنە، ئەو قوتابخانەیە بە هۆی پرتووکاوی و کۆنبوونەوە شیاوی چاکردنەوەی نییە و بۆ ئەو قوتابییانەش دەبێت قوتابخانەی کانێکسی دابین بکرێت.

پێشتر ئەکبەر جەوهەری لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: کە نابێت ڕاگەیاندنەکان هەواڵی دەسدرێژیی جێنسی بۆ سەر ئەو کچە بڵاو بکەنەوە، هەتا پزیشکی یاساییی شاری سنە ئەو هەواڵە پشتڕاست یان ڕەتی دەکاتەوە.