ڕووخانی خانووبەرەی هاووڵاتییەکی ئیلامی لەلایەن هێزە نیزامییەکان

11:06 - 3 بەفرانبار 2720

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە کە هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران خانووبەرەی هاووڵاتییەکی ئیلامی دەڕووخێنن و ئەوەش دژکردەوەی خەڵکی ئەو شارەی لێکەوتووەتەوە.

هەواڵدەریی "فارس" لە ڕاپۆرتێکدا، لەو بارەیەوە لە زاری شایەتحاڵەکان بڵاوی کردووەتەوە، ڕووخانی خانووبەرەی ئەو هاووڵاتییە ئیلامییە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکان بۆ هەڵسووکەوتی نەشیاوی ئەو بنەماڵەیە لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان ڕووی داوە.

هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیسنا" لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: "تاپۆی خانووی ئەو بنەماڵەیە، لە ساڵی ٨٣، بە جێگای وامی ٢٠ ملیۆن تمەنی بۆ یەکێک لە خزمەکانی ئەو هاووڵاتییە، لە گرێوی بانکی سپە دابووە و بەهۆی نەدانەوەی ئەو بڕە پارەیەوە بەو بانکە، پاش ماوەیەک لەلایەن ئیدارەی تۆمارکردنی بەڵگە و تاپۆ بەهۆی سکاڵای ئەو بانکەوە، بڕیاری ڕووخاندنی ئەو خانووبەرەیە دەدرێت".

ئەو بنەماڵەیە لە یەکێک لە حوسێنییەکانی شاری ئیلام نیشتەجێن.

خانووبەرەی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن بانکی ئاماژە بۆکراو، خراوەتە موزایدە و پاش فرۆشرانی ئەو خانووبەرەیه، بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو خانوویە ڕووخێندراوە.

 هەرچەند بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی دادگوستەریی پارێزگای ئیلام ڕایگەیاندووە، هیچ جۆرە حوکمی ڕووخاندنی ئەو خانووبەرەیە لەلایەن دادگوستەریی ئەو پاڕێزگایەوە نەدراوە و خاوەنی هەنووکەیی ئەو خانووبەرەیە، لە ڕاستای سەر لە نوێ دروستکردنەوەی ئەو خانوویە، خانووەکەی خۆی ڕووخاندووە".

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ڕاگەیاندنی تۆمارکردنی بەڵگە و تاپۆی پارێزگای ئیلام، هەراج فرۆشکردنی ئەو خانووبەرەیە بە شێوەی یاسایی بووە و هیچ جۆەرە نایاساییەک لەو بارەیەوە ئەنجام نەدراوە.

ئەوه لەحاڵێکدایه کە ئەو بنەماڵەیه بە هەواڵدەریی "ئیسنا"یان ڕاگەیاندووە کە لە نێوان بانک و ئیدارەی تۆمارکردن، کڕیار و کارناس بۆ ڕووخاندنی خانووبەرەکەمان ڕێکەوتن هەبووە.