ڕووخاندنی خانەباغی هاووڵاتییان لە گوندی "سەراوقامیشـ"ـی شاری سنە لەلایەن شارەدارییەوە

10:27 - 6 بەفرانبار 2721

لە گرتە ڤیدیۆیەکی یەک خولەکیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو بووەتەوە، شارەداری بە هاوکاریی هێزە ئینتزامییەکان، هێرشیان کردبووەوە سەر گوندی "سەراوقامیشـ"ـی شاری سنە و دەستیان بە ڕووخاندنی خانەباغی جووتیارانی ئەو گوندە کردبوو کە ئەمەش ناڕەزایەتیی دانیشتوانی ئەو گوندەی لێ کەوتەوە.

لەو گرتە ڤیدیۆیەدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانبار، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو بووەتەوە، یەکێک لە هاووڵاتییان باس لە لێدانی چەند هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەکات.

هەروەها ئەو هاووڵاتییە لەو گرتە ڤیدیۆیەدا، باسی لە دەسبەسەرکردنی چەند هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەکات کە پێشیان بە مەئموورانی شارەداری بۆ ڕووخانی خانەباغی ئەو جووتیارانە گرتووە.