ڕوو لە ڕووحانی : بە ئازادکردنی ڕامین زەندنیا، فەرهەنگییەکانی وڵات لە نیگەرانی دەرباز بکەن

21:19 - 12 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵیک لە فەرهەنگیانی کوردستان سەربارەت بە دەستبەسەرکرانی چالاکێکی سینفی و مەدەنی کورد ناڕەزایەتییان دەربڕێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوای تێپەڕبوونی نزیک بە ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ڕامین زەندنیا و هاوسەرەکەی، نامەیەک لە لایەن ژمارەیەک لە فەرهەنگیانی شاغڵ و بازنشستەی پەروەردەوبارهێنان واژۆ کراوە کە لەو نامەیەدا داوا لە سەرۆکی قوەی بەڕێوەبەری کراوە کە ئەو چالاکە سینفیەی ماموستایانی کوردستان بە زوترین کات ئازاد بکرێت.

لەو نامەیەدا سەبارەت بە چارەنووسی ناڕوونی ڕامین زەندنیا و پەروین محەممەدی ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و دەستبەسەرکرانی ئەو دوو کەسەیان نایاسایی لە قەڵەم داوە.

\"28928.jpg\"
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا لە سەقزەوە،‌ ژمارەیەک لە واژۆکەرانی ئەو نامەیە مامۆستایانی شارەکانی دیکەن و سەبارەت بە چارەنووسی خۆیان دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیە بۆ حەسەن ڕووحانی نیگەرانن.

هەتا ئێستا ئەو نامەیە لە لایەن ١٤ مامۆستای قوتابخانەوە واژۆ کراوە و هەروەها کۆکردنەوەی واژۆ لە شارەکانی دیکەی کوردستان درێژەی هەیە.

فەرهەنگیانی کوردستان بە وەبیرهێنانەوەی ئەو خاڵە کە سەرۆکی دەوڵەتی \"تدبیر و امید\"، بەڕێوەبەری یاسای بنەڕەتییە، ڕادەگەێنن کە ئازادی ئەو دوو کەسە؛ \"ئازادیی بنەماڵەی گەورەی فەرهەنگیانی ئێران لەو نیگەرانیەیە\".

ڕامین زەندنیا، لە ئەندامانی چالاکی ئەنجوومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستانە کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەر وێڕای هاوسەرکەی \"پەروین محەممەدی\" لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی شارستانی سەقز دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو لە چالاکانی مەدەنی کوردستانە کە داکۆکی لە مافی یارمەتی و سینفی فەرهەنگیان کردووە.

زەندنیا پێشتر و کۆتایی مانگی پووشپەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، وێڕای ٨ ئەندامی دیکەی هەیئەت مودیرەی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی پارێزگای کوردستان، بانگهێشتی لقی پێنجەمی لێپێچینەوەی دادگای ئینقلاب کرابوو.

ساڵی پێشووش وەزارەتی ئیتلاعات داوای لەو ئەنجوومەنە کردبوو کە ئەو بەیانییەی بۆ بەرزراگرتنی ١٩ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی ئیعدامی فەرزاد کەمانگر و ٤ زیندانیی سیاسی دیکە بڵاویان کردبووە، هەڵوەشێنەوە.