ڕنوو لە سنووری ورمێ گیانی کۆڵبەرێکی دیکەی کوردی ئەستاند

15:04 - 14 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: بە گیان لە دەستدانی کۆڵبەرێکی دیکە لە شاری ورمێ بە هۆی ڕنووەوە، ژمارەی کۆڵبەرانی گیان لەدەستداو لەم حەوتوویەدا گەیشتە ٦ کەس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ١٢ی ڕێبەندان، لە سنووری نێوان ورمێ و وڵاتی تورکیە دوو کۆڵبەری کورد تووشی هەرەسی بەفر بوون کە یەکێک لەو کۆڵبەرانە گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ ڕایگەیاند: ڕنوو، سەرما و کرێوەی زۆر، گەڕان و پشکنینی هێزە خەڵکییەکانی بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو کۆڵبەرە لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە و هەتا ئێستا تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە نەدۆزراوتەوە.

\"\"
ڕزگارساکانی فەر
شوناسی ئەو کۆڵبەری گیانی لەدەست داوە \"ڕزگارساکانی فەر\" خەڵکی گوندی \"پێسان\" لە ناوچەی تەرگەوەڕی شاری ورمێ ڕاگەیەنراوە.

لەو ڕووداوەدا، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی\"سەرکار ئەحمەدی\" کوڕی سەلیم خەڵکی گوندی \"کوران\"ی سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆست، لە مردن ڕزگاری بووە.

ئەو کۆڵبەرانە لە گوندی کوران لە ناوچەی سۆما و برادۆستی شاری ورمێ لە نزیک سنووری تورکیە تووشی ڕووداوی سروشتیی هەرەس هێنانی ڕنوو هاتوون.

لەم حەوتوویەدا، لە شارەکانی سەردەشت و پیرانشار بە هۆی هەرەسی ڕنوو و سەرما و سۆڵە، ٥ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ساڵی ڕابردوو( ٢٠١٦ ) زایینی ١٢٢کۆڵبەر کۆژراو و بریندار بوون، کە لە کۆی گشتیی ئەو ئامارە ٥١ کەس کوژراو و ٧١ کەسی دیکە بریندار بوون.