ڕشتەی \"كاردانیی مەداحی\" مۆڵەتی بۆ خوێندن لە زانكۆدا وەرگرت خاوێنكردنەوەی لووتیش یەكێك لە وانەكانە

14:09 - 8 رێبەندان 2715
ئاژانسی كوردپا: پاش لانیكەم ٣ ساڵ لە خستنەڕوی پێشنیاری دانانی ڕشتەی \"مەداحی\" لە سەر داوای ئەنجومەنی مەداحان، وەزارەتی زانستی كۆماری ئیسلامی قۆناغی كاردانی مەداحی دامەزراند.

\"ڕەزا مۆعەمەمی مۆقەدەم\"، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوە ئاینییەكان و ناوەندە فەرهەنگییەكانی سەر بە دەزگای پڕوپاگەندەی ئیسلامیی ئێران، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵدەریی مێهری ڕاگەیاندووە: \"مەبەست لە دانانی ئەم قۆناغە لە خوێندن، داڕشتنی بەرنامەی ئامانجدار بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی مەزهەبیی سەرنجڕاكێش بۆ لاوان و پیشاندانی كولتووری ڕەسەنی ئیسلامییە\".

بە وتەی ناوبراو بەشێك لە وانە دەرسییەكانی ئەم بوارەی خوێندن بریتین لە:

\"خاوێنكردنەوەی لووت و گوێ و قوڕگ، تێئۆریی موسیقی، خۆڕازاندنەوە، هونەری پێوەندی‏گرتن بە بێ‏ كەڵك وەرگرتن لە زمان و .... .

“مەداحی\" یان \"ڕەوزە خوێندن\" یەكێك لە هونەرە نمایشییە مەزهەبییەكانە كە لە نێو پێڕەوانی مەزهەبی شیعەدا دەبیندرێ و زۆرتر لە ڕۆژانی مانگی مۆحەڕەم، سەفەر، نیوەی شەعبان و هەروەها كۆچی دوایی ئیمامە شیعەكان بەڕێوە دەچێ، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا و لە ئێران نێوەڕۆكی مەداحییەكان گۆڕانی بە سەردا هاتووە و پرسگەلی سیاسیی ڕۆژ تێیدا بەرجەستە دەكرێت.

هەروەها هەندێك لە مەداحەكان بۆ ئەوەیكە فرۆشێكی زیاتر لەم پیشە بكەن و پارەیەكی زیاتر وەدەست بێنن لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاواز و موزیكە بەناوبانگ و پڕفرۆشەكان كۆپی دەكەن و شێعرەكانیان بەو جۆرە مێلۆدییانە دەخوێنن.