ڕاگەیەندراوی چالاکانی مەدەنیی سنە، سەبارەت بە هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی مەدەنیی شاری سنە، سەبارەت بە هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:
کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان
نەتەوەی مافویست و خۆڕاگری کورد
کۆمەڵگا و ڕێکخراوە مافپارێز و بەرپرسیارەکانی جیهان
دۆخی هەنووکەیی جیهان و ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی کە ڕێگای پێشڤەچوونی مرۆڤیان تەنیوە لە لایەکەوە و هەوڵە نەپساوەکانی نەتەوە جیاجیاکان و تێکۆشانەکانیان لەپێناو بونیادنانی جیهانێکی مرۆڤتەوەر و ئاشتیپارێز لە لایەکی ترەوە، بوونەتە دوو هێزی ڕێکخەری جیهانی ئەمڕۆمان کە ململانێیەکی بەردەوام بۆ خۆسەپاندنی هەرکام لەم شێوازانەی لێکەوتۆتەوە و بووەتە ئامیانی خولقاندنی جیهانێکی چەند ڕەهەندی، پێچراو، هەستیار و پڕ لە کێشە و بەربەست.
ئەزموونی دێموکراسی لە هەر شوێنێکی جیهاندا دەبێت وەکوو بایەخ و بەهایەکی مرۆڤانە و دەسکەوتێکی گشتی و بەرهەمێکی گەردوونی سەیری بکرێت و بپارێزرێت.
یەکێک لەو ئەزموونانە، ئەزموونی دێموکراسی لە ڕۆژئاوای کوردستانە کە سەرەڕای هەموو کەموکۆڕییەکانی، بوو بە خاڵێکی پرشنگداری ڕۆژهەڵاتی ناوینی ئاخێزگەی شەڕ و گۆڕەپانی دابەشکارییە جیهانییەکان، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دڕندەترین هێزی سەدەی ٢١ واتە داعش و پێشکەشکردنی ئەزموونێکی ناوازە لە پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی، دوو دیوی ئەم وێنا جوانەیەن کە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ مرۆڤایەتی نەخشاندی.
هێرشی نامرۆڤانەی تورکیای دژە کورد بە هەموو توانایەکەوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ناوچە تووشی قەیرانێکی قووڵی چەند ڕەهەندی دەکات و دەبێتە ئامیانی سەرهەڵدانەوەی جۆرەها پاشڤەچوون و کاولکاری و هەوێنی بناژۆخوازیی ناوچەیەکی چەقبەستوو.
هەر بۆیە ئێمە وەکوو کۆمەڵگای مەدەنیی شاری سنە هێرشکردن بۆ سەر ڕۆژئاوا بە هێرشکردن بۆ سەر هەموو دەسکەوتە مرۆڤییەکان دەزانین و ناونانی ئەم هێرشە بە سەرچاوەی ئاشتی هەوڵدانێک بۆ بەلاڕێدابردنی وشیاریی جیهانی و پەردەپۆشکردنی ئەم تەقەلا نامرۆڤانە دەزانین.
خوازیارین کە تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤی پێش بە ئەم ئۆپراسیۆنەی سەرچاوەی ئاژاوە بگرێت و هەتاکوو نەتەوەی کورد جارێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین تووشی ئازار و چەرمەسەرییەکی دیکە نەیەت و تەواوی لایەنە سیاسییەکانی جیهان بە چەپ و ڕاستەوە پەڵەیەکی ڕەشی دیکە لە ئەزموونی بەرپرسیارەتی و هەڵوێستیاندا تۆمار نەکرێت.